یارمەتی بۆ خێزانەکان

ئۆپت 2023


هیوادارم باش بن. من ناوم دۆنا ئۆکێندن Donna Ockenden.  من ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم بۆ ئەوەی خۆم وەك ئەو کەسە بناسێنم کە سەرکردایەتی پێداچوونەوەی سەربەخۆی کەیسەکانی منداڵبوون دەکات لە دامەزراوەی نەخۆشخانەکانی زانکۆی نۆتینگام (“پێداچوونەوەکە”). 

تکایە داوای لێبوردنەکانم قبوڵ بکە ئەگەر پەیوەندیکردنم بە تۆ هەر نیگەرانی و ناڕەحەتییەکی بۆ دروست کردوویت، بەڵام دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە چی دەکەین و چۆن دەتوانیت بەشداربیت. 

ئەم نامەیە زانیاری گرنگ لەخۆدەگرێت سەبارەت بە پێداچوونەوە و چۆنیەتی وازهێنان ئەگەر بتەوێت ئەوە بکەیت، بۆیە گرنگە ئەم نامەیە بە وردی بخوێنیتەوە و ئەگەر هەر پرسیارێك یان نیگەرانیت هەیە ئاگادارمان بکەوە.

ئامانجی پێداچوونەوەکە فێربوونە لە ئەزموونی منداڵبوون لەناو خێزانەکان لە ماوەی کارکردنیان لە دامەزراوەی نەخۆشخانەکانی زانکۆی نۆتینگام (“نەخۆشخانەکە”) و باشترکردنی کوالیتی و سەلامەتی چاودێری منداڵبوون. کاتێك پێداچوونەوەکە تەواو بوو ئێمە ڕاپۆرتێك بڵاودەکەینەوە کە ئەنجامەکانمان ڕوون دەکاتەوە و پێشنیارەکان بۆ چاودێری منداڵبوون لە داهاتوودا لە نەخۆشخانەکە دەخاتە ڕوو و لەوانەیە لە سەرانسەری ئینگلاند بێت. 

نەخۆشخانە دەستنیشانی کرد کە لەوانەیە چاودێری تۆ بەپێی پێویست نەبووبێت و بۆیە گرنگە بۆ پێداچوونەوەکە بزانێت دەربارەی چاودێری تۆ بۆ ئەوەی بتوانین هەوڵبدەین چاودێری منداڵبوون سەلامەتتر بکەین بۆ خێزانەکان لە داهاتوودا. نەخۆشخانە ناو و زانیاری پەیوەندیکردنی تۆی پێداوم تا بتوانم بۆتان ڕوون بکەمەوە کە ئێمە چی دەکەین و چۆن دەتوانن هاوکاریتان بکەین. 

گرنگە بزانیت کە پێداچوونەوەکە بە تەواوی سەربەخۆیە و جیایە لە نەخۆشخانەکە و ئێمە لە هەموو کاتێکدا ڕێز لە نهێنی پاراستنت دەگرین. ئێستا بە شێوەیەکی نوێ کاردەکەین و ڕاستەوخۆ پەیوەندیت پێوە دەکەین، هەرچەندە پێشتر ڕەنگە نامەیەکت لە نەخۆشخانەوە پێگەیشتبێت. 

ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر تۆ هەیە؟

بە تەواوی پەیوەستە بە خۆتەوە کە ئایا دەتەوێت لە پێداچوونەوەکەدا بەشدار بیت یان نا. ئەگەر تۆ دەتەوێت بەشدار بیت ئێمە دەست دەکەین بە سەیرکردنی تۆمارە پزیشکییەکانت بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بکەین کە ئایا ئەوەی بەسەرت هاتووە دەتوانرێت لێی دوور بکەویتەوە یان نا.  ئەگەر وابوو، ئەوا سەیر دەکەین بزانین ئایا نەخۆشخانەکە لە ئەزموونەکانی تۆ فێری بووە و ئایا دەتوانرێت وانە بۆ داهاتوو فێربێت یان نا. 

 تۆماری منداڵبوونت لەلایەن مامان و پزیشکی منداڵبوون لە تیمی سەربەخۆمانەوە سەیر دەکرێت. هەروەها ڕەنگە ئێمە ئامۆژگاری لە پزیشکە پسپۆڕەکانی تری تیمەکەمان وەربگرین وەك پزیشکانی منداڵانی تازەلەدایکبوو یان پسپۆڕانی بەنج کردن.

بە سەیرکردنی زۆرێك لە حاڵەتەکان، لەوانەش حاڵەتەکانی تۆ، هیوادارین بزانین چی ڕوویداوە لە سەنتەری پزیشکی کوینز و نەخۆشخانەی شار Queens Medical Centre and City Hospital. ئەو قۆناغە سەرەکییەی کە سەیری دەکەین لە ساڵی 2012ەوە تا ئێستایە، هەرچەندە ڕەنگە هەندێك حاڵەتی جددی پێشووتریش لەبەرچاو بگرین. پاشان دەتوانین پێشنیار بکەین بۆ ئەوەی کە چۆن خزمەتگوزاری منداڵبوون باشتر و سەلامەتتر بکرێت بۆ هەمووان لە داهاتوودا.

چۆن بتوانین هاوکاری یەکتر بکەین؟

گرنگە بۆ ئێمە پەیوەندی لەگەڵ ئەو خێزانانەدا بکەین کە لەوانەیە چاودێری منداڵبوونیان لە نەخۆشخانەدا وەرگرتبێت. هەندێك جار خێزانەکان دەتوانن زانیاری زیاترمان پێ بدەن لەوەی کە تەنها لە تۆمارە پزیشکییەکانیانەوە دەستدەکەوێت، و ئەزموونەکانیان بە وردی ڕوون بکەنەوە. ئێمە دەمانەوێت دڵنیا بین لەوەی کە ڕاپۆرتەکەمان بە وردی باس لە ئەزموونی خێزانەکان دەکات لە ماوەی مانەوەیان لە نەخۆشخانە، دوای ئەوە و کاریگەرییەکانی لەسەریان. ئێمە لە خێزانەکانی ترەوە دەزانین کە زۆرێکیان بە یارمەتیدەریان زانیوە لەگەڵمان قسە بکەن دەربارەی ئەوەی ڕوویداوە.

ئەگەر دەتەوێت زیاتر بەشداری لە پێداچوونەوەکەدا بکەیت، لەوانەیە دەرفەتێك هەبێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ من یان ئەندامێکی تیمی پێداچوونەوە لە کۆتایی ساڵ. ئەمەش دەتوانرێت ڕووبەڕوو لە نۆتینگام یان بە شێوەی ئۆنلاین (لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە) ئەنجام بدرێت.  ئێمە دەتوانین یارمەتیت بدەین لە ڕێکخستنی هەر کۆبوونەوەیەکی ئینتەرنێت ئەگەر بڕیارتدا کە ئەوەت پێ باشە. لە کۆتایی پێداچوونەوەکەدا دەتوانین سەرنج و تێبینیەکانت پێ بدەین سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ کەیسەکەت، ئەگەر بتەوێت ئەوە وەربگریت.

تکایە ئاگاداربە کە بەهۆی قەبارەی کارەکانەوە پێدەچێت پێداچوونەوەکە تەواو بێت و لە کاتێکدا لە ساڵی 2025 سەرنج و تێبینیەکان بەردەست دەبێت. ئێمە بەگشتی ئاگادارت دەکەینەوە لەبارەی پێشکەوتنی پێداچوونەوەکە بەڵام ناتوانین باسی کەیسەکەت بۆ بکەین تاوەکو کارەکانمان تەواو نەکەین.

ئەگەر ناتەوێت لەگەڵمان کۆببیتەوە یان قسەمان لەگەڵ بکەیت، ئەوە مەرج نیە و دەتوانیت قسەمان لەگەڵ نەکەیت. بە تەواوی هەڵبژاردەی تۆیە کە چەندە زۆر یان چەندە کەم بەشداریت لەگەڵ پێداچوونەوەی سەربەخۆی منداڵبووندا کردووە. لە خوارەوە ڕوونم کردەوە کە چۆن لە پێداچوونەوەکە دەربچیت ئەگەر ئەوە شتێك بێت کە بتەوێت بیکەیت.

دواتر چی ڕوو دەدات؟

پێویست ناکات هیچ شتێك بکەیت مەگەر تەنها ئەگەر بتەوێت بەشداریکردن لە پێداچوونەوەکە وازبهێنیت یان بتەوێت لەگەڵ ئێمە کۆببیتەوە یان قسەمان لەگەڵ بکەیت. 

ئەگەر دەتەوێت چاومان پێت بکەوێت یان قسەمان لەگەڵ بکەیت ئەوا تکایە ئاگادارمان بکەوە. تۆ دەتوانیت:

  • ئیمەیڵمان بۆ بنێریت بەم ئیمەیڵە [email protected]؛ یان
  • نامە هاوپێچەکە پڕبکەیتەوە و لەو زەرفەی ناونیشان و پولی لەسەرە بۆمان بنێریتەوە کە بۆتمان ناردووە؛ یان
  • پەیوەندیمان پێوە بکەیت بە ژمارە تەلەفۆنی 01243786993 و لەگەڵ یەکێك لە تیمەکەمان قسە بکەیت.

ئەگەر ناتەوێت بەشداری پێداچوونەوەکە بکەیت:

ئەگەر تۆ ناتەوێت ئێمە بەهیچشێوەیەك سەیری تۆمارە پزیشکییەکانت بکەین ئەوا تکایە لە ماوەی 4 هەفتەی داهاتوودا ئاگادارمان بکەوە (تا چوارشەممە٢٥یتشرینییەکەم. دەتوانیت ئەم کارە بکەیت بە بەکارهێنانی ئەو زانیاریانەی لە بۆکسەکەی سەرەوەدا هاتووە. 

ئەگەر لەم ماوەیەدا هیچ هەواڵێکتان لێ نەبیستین تیمەکەم دەست دەکەن بە سەیرکردنی تۆمارەکانت. 

تکایە ئاگاداربە کە ئەگەر تۆ لە پێداچوونەوەکە دەربچیت ئێمە پێداچوونەوە بە تۆمارە پزیشکییەکانت ناکەین، دەرفەتت نابێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پێداچوونەوەکە، کەیسەکەت هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامەکانی پێداچوونەوەکە نابێت، و تۆ سەرنج و تێبینی تاکەکەسی وەرناگریت سەبارەت بە کەیسەکەت.

تکایە ئاگاداربە، هەر بڕیارێکت بدەیت، دەتوانیت دواتر بڕیارەکەت بگۆڕیت. ئەگەر تۆ وازت لێهێنا دوای ئەوەی ئێمە پێشتر دەستمان بە پێداچوونەوە بە تۆمارە پزیشکییەکانت کرد، ئێمە کەیسەکەت لە پێداچوونەوەکە دوور دەکەینەوە لەمەودوا، ئەگەر بتوانین لەو قۆناغەدا ئەوە بکەین.

ئایا زانیارییەکانت بڵاو دەکەینەوە؟

تکایە دڵنیابە کە هیچ زانیارییەك کە تۆ یان خێزانەکەت بناسێتەوە لە ڕاپۆرتی کۆتاییدا ناخرێتە ڕوو. لە کاتی پێداچوونەوەدا زانیارییەکانت لەناو تیمی پێداچوونەوەدا هاوبەش دەکرێن بەڵام بە نهێنی پارێزراوی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

هەرچەندە گرنگە ڕوونی بکەینەوە کە ڕەنگە پێویستمان بە هاوبەشکردنی زانیاری دەربارەی کەیسەکەت هەبێت بۆ نموونە ئەگەر هەر لێکۆڵینەوەیەکی تاوانکاری، ڕێکخراوەیی یان یاسایی تر لە داهاتوودا لە ئەنجامی کارەکانماندا ڕووبدات. ئەمە لەوانەیە ڕووبدات ئەگەر ئێمە باوەڕمان بەوە بێت کە هەر ئەندامێکی ستاف کە چاودێری تۆی کردووە چاودێرییەکی خراپی پێشکەش کردووە کە بەو مانایەیە کە پێویستە ئەو ڕێکخراوە پیشەییە ئاگادار بکەینەوە کە سەر بەو ڕێکخراوانەیە (بۆ نموونە، ئەنجومەنی پەرستاری و مامان بۆ پەرستاران و مامانەکان یان ئەنجومەنی گشتی پزیشکی  بۆ پزیشکان) یان کە پۆلیس ئاگادار بکەینەوە. ئەگەر ئەمە ڕوویدا، ئەوا ئێمە ئاگادارت دەکەینەوە. 

 ئایا چ پشتگیرییەك هەیە؟

ئێمە دەزانین کە بۆ هەندێك خێزان ئەوەی بەسەریان هاتووە کاتێك چاودێری منداڵبوونیان وەرگرتووە زۆر قورس بووە. کۆمەڵێك یارمەتی دەروونی و چارەسەری بەرفراوان بۆ هەموو ئەو خێزانانە بەردەستن کە بەشێکن لە پێداچوونەوەکە، و دەتوانین یارمەتیت بدەین بۆ دەستگەیشتن بەم پشتگیرییە. 

زانیاری لەسەر خزمەتگوزاری پشتگیری دەروونی خێزان دەتوانرێت لێرە /https://fpssnottingham.co.uk بدۆزرێتەوە. تکایە ئەگەر لە هەر کاتێکدا پێویستیت بەم شتەیە لە کاتی پێداچوونەوەکە ئاگادارمان بکەوە. 

تکایە پەیوەندیمان پێوە بکە ئەگەر هەر پرسیارێك یان نیگەرانییەکت هەیە، ئێمە هەمیشە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ یارمەتیدانت.

 لەگەڵ هەموو هیوایەکی باش

دۆنا ئۆکندن Donna Ockenden. 

سەرۆك

پێداچوونەوەی سەربەخۆی منداڵبوون – دامەزراوەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتمانی نەخۆشخانەکانی زانکۆی نۆتینگام   Nottingham University Hospital NHS Trust

تیمی پێداچوونەوەی منداڵبوون: تەلەفۆن: 01243786993. دووشەمە تا هەینی کاتژمێر 8.00 ی بەیانی – 5.00 ی ئێوارە.

تکایە ئاگاداربن بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کە سێ هەفتەیە ئۆفیسەکەمان لە کۆتایی هەفتەدا کارمەندی دەبێت. دەستپێکردنی دووشەمە 25ی سێپتەمبەر (لەوانەش شەممە 30ی سێپتەمبەر، یەکشەممە 1ی ئۆکتۆبەر، شەممە 7ی ئۆکتۆبەر ، یەکشەمە 8ی ئۆکتۆبەر ، شەممە 14ی ئۆکتۆبەر و یەکشەممە 15ی ئۆکتۆبەر)